زیادکردنی ڕووەک و دار و درەخت

لە ئێستادا بە پێی ئەو خولەی یاخود سوڕەی ژیانی ڕووەک کە هەموو ساڵێك پێیدا تێپەڕ دەبێت ، زۆربەی ڕووەکەکان دەچنە سووڕێکەوە کە پێی دەوترێت سووڕی متبوون (Dormancy) ، هەوڵ دەدەم لە پۆستێکی تردا لەسەر سووڕی متبوون بدوێم.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێی بدوێم ئەویش لەم وەرزەدا کە وەرزی پایزە کاتێکی گونجاوە بۆ زیادکردنی ڕووەک و درەختەکان ، بەڵام پرسیارێك دێتە پێشەوە کە بەچی جۆرە زیادکردنێك ؟ وە چۆن ئەنجام بدرێت؟
زیادکردنی ڕووەک دەکرێت بە دوو جۆرەوە:-
١- توخمە زۆر بوون ، واتە زۆرکردن لە ڕێگەی تۆوەوە.
٢- سەوزە زۆربوون ، واتە زۆرکردن بە هەر ڕێگە و شێوازێك جگە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆوی ڕووەکەکە.
لێرە باس لە جۆری دووەمی زۆرکردن واتە سەوزە زۆربوون دەکەم کە ئەنجام دەدرێت بۆ زۆرێك لە ڕووەکە جوانییەکان و ڕووەکە بەردارەکان.
ڕێگەی سەوزە زۆربوون ، هەروەک لە ناوەکەیەوە دیارە کە بە بەکارهێنانی یەکێك لە بەشەکانی سەوزی ڕووەک کردارەکە ئەنجام دەدرێت . ئەو بەشانەی کە لەم ڕێگەیەدا بەکاردەهێندرێت بریتن لە:-
١- قەڵەمی قەد.
٢- قەڵەمی گەڵا.
٣- قەڵەمی ڕەگ.
٤- بە پارچە یاخود ڕایزۆم وەک لە چیمەن دا
٥- بە دابەشکردن لە ڕەگەوە .
٦- جیاکردنەوەی برالە لە ڕووەکی دایک.
٧- چاندنی شانە ( کە یەکێكە لە نوێترین تەکنیکەکانی زۆرکردن)
٨- بە درنات ( ڕەگی هەڵئاوساوی شێوە پەتاتەیی )
٩- بە چاندنی پیاز ( ابصال ).
١٠- ڕێگەی زیادکردنی هەوایی ( ترقید الهوای )
ئەمانە لەگەڵ هەر شێوازێکی تری زیادکردن کە تۆوی تیا بەکارنەهێندرێت.
زیادکردن بە قەڵەم :
مەبەست لەم ڕێگایە ئەوەیە کە بەشێك یاخود پارچەیەک لە چڵ یان قەدی ڕووەکەکە یان گەڵاکەی بکرێتەوە بە شێوە و قەبارەی گونجاو.
تایبەتمەندێتی قەڵەمێکی تەندروست و باش:
ئەو قەڵەمەی وەری دەگرین لە هەر ڕووەکێك یاخود درەختێك کە خۆمان مەبەستمانە ، پێویستە کۆمەڵێك تایبەت مەندێتی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەگ بکات و پاشان ببێتە ڕووەکێکی نوێ.
١- پێویستە قەڵەمەکە لە چڵێکی تەمەن دوو ساڵ بۆ سێ ساڵ وەربگیرێت بە گوێرەی درەختەکانەوە.
٢- ئەو چڵەی قەڵەمەکەی لێ وەردەگرین پێویستە چڵێکی ڕێك و تەندروست بێت.
٣- پێویستە لەسەر هەر قەڵەمێکی ئامادەکراو سێ بۆ چوار گۆپکە بوونی هەبێت کە ئەگەری سەوزبوونی قەڵەمەکە زیاد بکات.
٤- بە گوێرەی قەڵەمی گەڵاوە پێویستە کە گەڵاکە لەگەڵ لاسکەکەی و بەشێکی قەدی ڕووەکەکە بێت بۆ ئەوەی ئەنجامی باشی هەبێت.
شێوازی وەرگرتن و چاندنی قەڵەمی قەد:
پاش ئەوەی کە چڵێك یاخود لقێكت دیاری کرد بۆ ئەوەی قەڵەمی لێ وەربگریت ، پێویستە هەر قەڵەمێك بە درێژی 10 بۆ 15 سم ببردرێت ، کورتر یاخود درێژتریش سەوز دەبێت بەڵام ئەگەری سەوز بوونیان کەمتر دەبێت بەهۆی نایەکسانی لە خۆراکی خەزنکراوەی ناو قەڵەمەکە و درێژی قەڵەمەکە.
پێویستە لەکاتی قەڵەم دروستکردنەکەدا مەقەستێکی کشتوکاڵی تیژ و پاکژ بەکاربهێنیت ، چونکە مەقەستی کول دەبێتە هۆی جوینی شوێنی بڕینەکە و تێكدانی شانەکان و خانەکانی شوێنی بڕینەکە بەمەش ئەگەری سەوز بوونی ئەو قەڵەمە کەمتر دەبێت .
بەشی خوارەوەی قەڵەم کە دەخرێتە ناو خاکەوە پێویستە ڕێك بێت و بەشی سەرەوەشی کە لەدەرەوە دەبێت پێویستە لار بێت ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک لەوانە کۆنەبوونەوەی ئاوی زیادە لەسەر قەڵەمەکە و هەروەها ناسینەوەی ئاستی قەڵەمەکە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی هەڵە قەڵەمەکە نەچێندرێت.
لە کاتی چاندنی قەڵەم دا وا باشترە کەمێك لار بێت بۆ ئاسنکردنی کرداری ڕەگ کردن و گەڵا دەرکردن ، وە لە کاتی چاندنی دا وا باشترە بە شتێکی تر وەک پارچە تەختەیەکی تر یاخود پارچە ئاسنێك کە ئەستورییەکەی بەقەدەر ئەستوری قەڵەمەکە بێت چاڵ بۆ قەڵەمەکان هەڵبکەندرێت و واتە قەڵەمی ڕووەکەکە خۆی نەچەقێندرێت و پەستانی بخرێتە سەر چونکە زۆر جار لەو کاتی چەقاندنەدا قەڵەمە ناسکەکان دەشکێن و لەوانەیە قەڵەمەکەی دەستت کەوتووە بەنرخ بێت و بە گرانی دەستت کەوتبێت ، یان زۆر جار لە ئەنجامی ئەو پەستان خستنە سەر قەڵەمە لە کاتی چاندن دا بەشی ژێرەوەی قەڵەمەکە توێکڵەکەی و شانەکانی بریندار دەبن و زیان بە قەڵەمەکە دەگەینن.
وا باشترە قەڵەمەکان سەرەتا لە ناو لم دا بچێندرێن ، چونکە لم ناوەندێکی فشەڵە و هەروەها ئاو زۆر ناهێڵێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری لە شێ دەکات ..
هەروەها باشییەکی تری ناوندنی لم ئەوەیە کە کاتێك قەڵەمەکان دەست دەکەن بە ڕەگکردن سەرەتا ڕەگێکی دەزولەیی دەردەکەن کە زۆر ناسکن و توانای تێپەڕبوونیان نییە بە ئاسانی ئەگەر ئەو شوێنەی تیایدا چاندومانە گڵ یاخود ناوەندێکی قوڕین و جیڕ بێت، بەڵام لەناو ناوەندێکی لمین دا بە ئاسانی ڕەگە تازە دروستبووەکان بڵاو دەبنەوە.
هەروەها لە کاتی هەڵکێشانی قەڵەمەکان دا دوای ئەوەی بە تەواوی ڕەگیان کردبێت بە ئاسانی هەڵدەکێشرێن و کەمترین ڕەگ دەبچرێن و زیانیان پێ دەگات.
پێویستە قەڵەمە چێندراوەکان لە شوێنێکی داخراو یاخود سەرداپۆشراو بە نایلۆن دابندرێن وەک تونێلی پلاستیکی یاخود لە ژووردا یان لە ژێر شوێنێك دا کە بە نایلۆن داپۆشراوبێت ، چونکە بوونی گەرمی پێویست هۆکاری سەرەکی سەوزبوونی قەڵەمەکانن.
هەر پرسیارێكتان هەیە لەسەر قەڵەم کردن دەتوانن لە کۆمێنت بینووسن تاوەکو بە پێی زانیاریمان وەڵامتان بدەینەوە.
لەگەڵ ڕێزدا
دەوەن سەردار حمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ
بەشی باخداری لە کۆلێژی کشتوکاڵ / زانکۆی سلێمانی