ڕووەکی لاڤاندەر و بەکارهێنانەکانی

ناوی زانستی:- Lavandula multifida L
ناوی کوردی:- لاڤاندەر 
ناوی عەرەبی:- لافندر أو الخزامي


- ناوی لاڤاندەر لە فرمانی ( شۆردن) ی لاتینییەوە هاتووە کە ڕۆمانییەکان و یۆنانییەکان بەردەوام ئەم ڕووەکەیان کردۆتە ناو سابون و ئاوی خۆشۆردنەوە..


• کورتەیەکی مێژوویی:-
لە کۆن دا ئەم ڕووەکە وەک ماددەیەکی جوانکاری بەکارهاتووە و هەروەها بۆ دورخستنەوەی مێرووەکانیش بەکارهاتووە ، وە پێش سێ سەد ساڵیش بۆ چارەسەری سەرئێشە بەکارهاتووە.


• نیشتیمانی بنچینەیی:-
جزیرەی کەناری ئەتلەنتی ، وە لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچەکانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست و سۆدان و سۆماڵ و نیمچە دوورگەی عەرەبی دا بڵاو بۆتەوە.


• تایبەتمەندێتی ڕووەکەکە:-
بریتییە لە دەوەنێکی کورتی بەتەمەن ، بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی مەترێک .
- قەدی ڕووەکەکە:- ڕەقە و چڵ و پۆپی زۆری سەوزی پێوەیە و ساڵی داهاتوو دەگۆڕێت بۆ قەدێکی تەختەیی.
- گەڵاکانی:- درێژن و ڕەنگیان سەوزێکی خۆڵەمێشییە ، پەلیان زۆرە و کوڵکیان لەسەرە.
- گوڵ:- ڕەنگی شینێکی وەنەوشەییە بە شێوەی هێشوویی دەردەکەوێت و لەسەر لقێکی درێژ هەڵدەگیرێت.
- تۆوی ڕووەکەکە:- بچووکە و ڕەنگی قاوەییە .
- سوڕی ژیانی ڕووەکەکە:- باشتر وایە هەر سێ بۆ چوار ساڵ جارێک ڕووەکەکە نوی بکرێتەوە.


• شێوازی چاندنی ڕووەکەکە:- لە ڕووبەری بەرفراوان و کراوەدا دەچینرێت و هەروەها خۆر لێی بدات لەگەڵ ئەوەی کە خاکەکە ئاوەڕۆی باشبێت و لمی بێت.
• بەرهەمی:-  لە هاوین و پایز دا تۆو دەکات و دەست دەکرێت بە کۆکردنەوە بە دەرکەوتنی یەکەم گوڵ.


• بەکارهێنانەکانی لە ناو ماڵ دا:- 
بۆ دورخستنەوەی مێرووەکان ، بەو هۆیەوە لە نزیک پەنجەرەوە دەڕوێنرێت ، هەروەها دەخرێتە ناو دەستەسڕەوە و لە نزیک جل و بەرگەکانەوە دادەنرێت لە ناو کانتۆر دا بۆ مەبەستی بۆندارکردنی جل  و بەرگەکان.


• بەکارهێنانی لەناو مەتبەخ دا:-
بەکاردێت بۆ جوانکردنی شیرینییەکان و هەروەها دەتوانرێت بخرێتە ناو تێکەڵەی میوەکانەوە.
کەیفی حەمەد (ئه‌م گوڵه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌وه‌نی بچوکه‌....له‌ رۆژهه‌لاتی ئه‌وروپا و حه‌وزی ده‌ریای سپی ناوه‌راست به‌ سروشتی هه‌یه‌ له‌ شاخ و گردۆلکان روواوه‌... گوڵکی بۆن خۆشه‌ ...زه‌یتی لاڤانده‌ر بۆ درووست کردنی گوڵاو شێلانی له‌ش به‌کار دێت....)